۱۳۹۸ اردیبهشت ۲۲, یکشنبه

دەوڵەت نەتەوەی دەستکردی ئێرانی و سڕینەوەی گەلی کورد


دەوڵەت نەتەوەی دەستکردی ئێرانی و سڕینەوەی گەلی کورد
لەم وتارەدا ھەوڵدەدەم ئاوڕێک لە مێژووی نوێی ئێران و دروستبوونی دەوڵەتى نەتەوەیەکی ساختە بدەمەوە، کە چۆن ھەوڵدراوە ھەموو نەتەوەکانی ئەو ناوچە بەتایبەتی نەتەوەی کورد لەناو ئەو دەوڵەت نەتەوە دەستکردە ئیستیعمارییەدا بتوێننەوە. تەنانەت بۆ ئەو مەبەستە، مێژووی ساختەیان دروستکردوەوەو نکۆڵیان لە بوونی ئەو نەتەوانە کردووە کە مێژوویەکی دوورودرێژیی دەوڵەتدارییان ھەبووە.
كتۆر حسێن ڕابێ
مامۆستای زانكۆ

لەوانەیە زۆر کەس وابزانن ئەو وڵاتەی ئێستا لە خۆرھەڵاتەوە دراوسێی کوردستانە، ھەمیشە ناوی ئێران بووەو کورد جگە لەم سەدانەی دوایی ھەمیشە خۆی بە بەشێک لەو وڵاتە زانیوە، لە ڕاستیدا وانییە. ئێران وڵاتێکی نوێیە، وەکو عێراق و تورکیا و سوریا، کە لەسەرەتای سەدەی بیستەم بە پشتیوانی وڵاتانی ئیستیعماری، ئەم فۆرمەی ئیستای وەرگرت و بەشێک لە خاکی کوردستانیشی تێدا ئاخنرا. ئێران ئەو ئیمپراتۆرییە ٢٥٠٠ ساڵە ھەمیشە سەربەخۆیە نییە کە پاشاکان، زنجیرە لەسەر زنجیرە، فەرمانڕەواییان لەسەر کردووە. ئێران تەنھا ناوێکی شانامەییە کە لە شانامەی فیردەوسییدا بەکارھاتووە، ئێران و تۆرانی شانەمە، دەکەونە ناوچەی خوراسان و ئەفغانستان و ئاسیای ناوەڕاست، پەیوەندی بە ژینگەی زاگرۆس و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستەوە نییە.  لێرەدا نامەوێ بۆ نوسینی وتارێکی کورت، ئاوڕ لە ھەموو مێژووی ناوچەیەک بدەمەوە کە  لە سەرچاوە عەرەبی و ئیسلامییەکاندا ناوی بیلادی عەجەمە و لە سەرچاوە ئەورووپییەکاندا بە ھەڵە بە پێرشیا ناسراوە .
بەڵکو چڕبوونەی ئەم نوسینە لەسەر بابەتی کوردە لەو ناوچەدا، ئەو ھەوڵە چڕە بەردەوامەی کە لە ئارادایە تاوەکو نەتەوەی کورد لە شوناسە سەرەکییەکەی بسڕنەوە، بیکەن بە بەشێک لە نەتەوەیەک کە ھەرگیز پێش سەدەی نۆزدەھەم بوونی نەبووە، تاوەکو کۆتایی سەدەی نۆزدەھەم، ھیچ کتێبێک بەناوی مێژووی ئێران نەنوسراوە.
 
کتێبە مێژووییەکان یان بەناوی خودی نوسەرەکەوەیە، یان ناوی زنجیرەیەکی پاشایەتیان لەسەرە یان ناوێکی ناپەیوەندیداری شێوە فانتزی لەسەر نراوە 
ڕۆڵی ئیستیعماری بەریتانیا لە دروستکردنی ئەم نەتەوە دەسکردەدا بەرچاوە، ھەر ئەو وڵاتەی کە نەتەوەی کوردی لە ھاوکێشە ئیقلیمییەکانی سەدەی نۆزدەھەم و بیستەم  سڕییەوە. لەم وتارەدا ھەوڵدەدەم باسی ئەو ھەوڵانە بکەم کە لەم ١٥٠ ساڵەی دواییدا بۆ دروستکردنی نەتەوەیەک بەناوی ئێرانی دراوە، چۆن ھەوڵیانداوە شوناسی کورد و کوردستان لەناو ئەم نەتەوە دەستکردەدا بتوێننەوە.
ئێران و فارس چییە؟

لەوانەیە یەکێک لە مەزنترین  چیرۆکە حەماسییەکانی جیھان کۆمەڵە شێعرێک بێت بەناوی شانامە، کە فیردەوسی توسی شاعیری گەورەی خوراسانی بە ئیلھام لە ئەفسانە کۆنەکان  دایناوە. بەشی سەرەکی ئەم دیوانە شیعرە جەنگی نیوان پاڵەوانانی دوو وڵاتی ئەفسانەییە بەناوی ئێران و توران، شوێنی ئەم چیرۆکە بەگشتی خوراسانە 
خوراسان ناوچەیەکە دوای تەواوبوونی بیابانەکانی کەویری لوت و نمەک دەستپێدەکات، تا سنوری تورکستان دەکشێت، کە بەشێک لە ئێرانی ئێستا و ئەفغانستان لە خۆ دەگرێت. ناوەندی زۆربەی ئیمپراتۆرییە ناعەرەبە موسڵمانەکان، لە سامانییەکانەوە بیگرە تا غەزنەوییەکان لەم ناوچەدا بووە.
دوای داگیرکرانی ئیمپراتۆرییەتى ساسانی، ناوچەکانی عێراقی عەجەم، ئازەربایجان و کوردستان کە کەوتبوونە ژێر کاریگەریی زمانی عەرەبییەوەو لە پاڵ ھەموو شارەکاندا شارێکی تەعریب لە خێڵەکانی عەرەب بنیادنرابوو، بەڵام خوراسانییەکان سەرەڕای ئەوەی موسڵمان بوون عەرەبییان نەدەزانی..
ھەر بۆیە زمانێک بەناوی "دەری"یان کرد بە زمانی ئیداری و نوسین. ئەم زمانە لەگەڵ زمانی فەرمی ساسانییەکان واتە پەھلەوی نزیکی زۆرە، بەڵام جیاوازە لە زمانی پەھلەوی و زمانێکی سەربەخۆیە. زمانی "دەری" تەنانەت دەبێت بەزمانی فەرمی خێڵەکانی تورک کە چەندین ئیمپراتۆریییەتى گەورە لە ناوچەکەدا دروستدەکەن. ئەم زمانە بەرەبەرە جێگە بەزمانی عەرەبی لێژ دەکات و دەبێت بەزمانی ئیداری و ئەدەبی ھەموو حکومڕانییە ئیسلامییەکان ھەر لە چیینەوە تاوەکو ھندستان و ئاسیای بچوک.
زمانی  "دەری" بەنافەرمی زمانی موسڵمانە ناعەرەبەکان بوو، جا چی تورک بووبێتن یان تاجیک یان تەنانەت ھندی  و کورد.
نووسینی (گوڵستان و بوستان) لەلایەن سەعدی شیرازییەوە بەم زمانە، ئاستی زمانەکەی وەکو زمانێک بۆ فێربوون تا ڕادەیەکی زۆر بەرزکردەوە. بەشێوەیەک (گوڵستان و بوستان) بوون بە مەنھەجی خوێندن لە حوجرە و قوتابخانە ئایینییەکاندا.
تاوەکو سەدەی نۆزدەھەم لە جیھانی ئیسلامیدا لە برەودا بوو، دوو ھۆکاری سەرەکی کۆتایی بە فەرمانڕەوایەتی زمانی "دەری" ھێنا؛ یەکەم داگیرکردنی ھیندستان لەلایەن ئیستیعماری بەریتانیاوە، دووەم ھۆشیاری نەتەوەیی و دروستبوونی دەوڵەت نەتەوەییەکان لە ناوچەکەدا.
لە ھیندستان زمانی ئینگلیزیی جێگەی زمانی "دەری" گرتەوەوە، عوسمانی کە پێشتر ئیمپراتۆرییەتێکی ئیسلامی بوو، بەرەبەرە گۆڕا بە ئیمپراتۆرییەتی تورکی. ئەم سەردەمە ھاوکاتە لەگەڵ دەرکەوتنی ئیمپراتۆرییەتێکی بەڕەگەز تورک بەناوی (قەجەر) لە بیلادی عەجەم(فارس) و زمانی "دەری" لە دەرەوەی ژینگەکەی خۆی واتە ئەفغانستان، ھاوکات لەگەڵ گەشەکردنی دەوڵەت، نەتەوەیەکی نوێ ڕێچکەیەکی نوێ دەگرێتە بەر.
ئەگەر بگەڕینەوە بۆ سەدەی نۆزدەھەم بەنزیکەیی ھیچ شوێنێک جگە لە خوراسان، واتە ئەو دیوی بیابانەکانی کەویر نادۆزیتەوە، کە بە زمانێک قسە بکات کە ئێستا خەڵکی شارە گەورەکانی ئێران قسەی پێدەکەن.
ناوچەی ئازەربایجان بەزمانەکانی (تورکی و ئازەری و تالشی) قسە دەکەن، دانیشتوانی زاگرۆس و پێدەشەکانی ئەم دیو و ئەو دیوی بەزمانی (کوردی و لوڕی) قسە دەکەن، کەنارەکانی خەلیج و دورگەکانی زۆرتر عەرەب زمانن، دانیشتوانی زنجیرە چیای ئەلبورز تاوەکو دەگاتە نزیک خوراسان بەزمانی جۆربەجۆر قسە دەکەن، کە ھیچیان نزیک لە زمانی "دەری" نین، تەنانەت دانیشتوانی دوو شارۆچکەی نزیک لە یەک لە ناوچەی سمنان لەزمانی یەکتری تێناگەن.
دانیشتوانی کەنارەکانی دەریای قەزوین بەزمانەکانی (تالشی و گیلەکی و مازنی) قسەدەکەن کە ئەم زمانە شۆڕ دەبێتەوە بۆ دەوربەری دەماوەند و تاران.  لە سەدەی نۆزدەھەمدا دانیشتوانی  ئەو شوێنەی کە پێی دەگوترێت ئەراک بەرەو ھەمەدان و قەزوین و ئەسفەھان و تاران و قوم(واتە ناوچەکانی ناوەندی ئێران) بەزمانێکی تایبەتی بەناوی "تاتی" قسەیان کردووە کە ئێستا ئیتر مەودای فراوانییەکەی زۆر بەرتەسک بۆتەوە
ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە  ئەی ئەو زمانەی ئێستا لە شارە گەورەکانی وەکو (تاران، کەرج،  ھەمەدان، ئەسفەھان، شیراز، ئەراک و ئەھواز) قسەی پێدەکرێ لە کوێوە ھاتووە؟ لە کاتێکدا زمانی خەڵکی دەوروبەری ئەم شارانە بەزمانێکی جیاواز لەم زمانە قسەیان کردووە یان دەیکەن! بۆ نمونە بەنزیکەیی ھەموو دەوروبەوی شاری ھەمەدان، کورد و لور و تورکن، بەڵام خەڵکی شار بەنزیکەیی ھەر بەو زمانەی تاران قسە دەکەن!
وەکو دیارە، دەبێت ئەم زمانە کە پێی دەگوترێ فارسی بەرھەمی کارلێکی نێوان زمانی فەرمانڕەوایانی تورک و زمانی خوێندن و نوسین واتە زمانی "دەری" بێت، کە لە نوسیندا بەنزیکەیی ھەر زمانی دەرییە، بەڵام لە ئاخافتندا زۆر جیاوازە، کە لەگەڵ ھەوڵەکان بۆ دروستکردنی دەوڵەتى نەتەوەی دەستکردی ئێرانی دەبێت بەزمانی فەرمی، ئەم دەوڵەتى نەتەوەیە  لەگەڵ دەرھێنانی نەوت و دروستبوونی شارەکانی پیشەسازیی پشتئەستور بەداھاتی نەوت، دەبێت بەزمانی ئەم شارانەش، جێی خۆیەتی ناوێکی تری ئەم زمانە کە پێی دەگوترێ فارسی، بریتی بێت لە زمانی دەری نەوتاویی. ھەرگیز زمانی دەری لە ژینگەکەی خۆی واتە ئەفغانستان ئەو زاڵمی و غەدارییەی نەبووەو نییە کە زمانی "دەری" نەوتاوی لە بیلادی عەجەم ھەیەتی.

ھیچ شوێنێکی بیلادی عەجەم(جگە لە خوراسان) بەزمانی "دەری" قسەیان نەکردووە، زمانە خۆجێیەکان بەڕادەیەک لە دەری دوورن کە "دەری" زمانێک بەھیچ شێوەیەک تێیان ناگات، لە ڕاستیدا زمانی ناوچەکانی زاگروس و ئەڵبورز و کەنارەکانی دەریای قەزوین زۆرینەیان پاشماوەی زمانی پەھلەوین و زمانی سەربەخۆن.
وەکو ھەموو ناوچەیەکی موسڵمانی ناعەرەب، کوردستانیش زمانی "دەری" وەکو زمانی شێعرو نوسین بەکارھێناوە و لە حوجرەکاندا گولستان و بوستانی سەعدی دەخوێنرا. شەرەفنامە بەزمانی "دەری" نوسراوە، تەنانەت مەکتوباتی کاک ئەحمەدی شێخ بەزمانی "دەری"یە. ئەردەڵانەکان ھاوکات زمانی کوردی(ھەورامی)یان لەگەڵ زمانی "دەری" بەکارھێناوە، لە سەردەمی ئەواندا شیعر و ئەدەبی ھەورامی و گۆران گەشەی زۆری کرد.
لە ئێستادا لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان زمانی کوردی توانویەتی لە زۆربەی ناوچەکاندا ھەستێتەوەو ببێت بەزمانی نوسین، ئیتر نەتەنیا شیعر، بەڵکو وتار و فەلسەفە و زانستیش بەکوردی دەنوسرێن. لە کرماشان زمانی فارسی تەشەنەی کردوەتە ناوشارەکەو ھاوشان لەگەڵ زمانی کوردی خەڵک بەکاری دەھێنن. بەپێچەوانەی شارە گەورەکانی تر زمانی فارسی نەیتوانیوە زمانی خۆجێی کرماشان واتە زمانی کوردی بسڕێتەوە، بەڵام خۆی سەپاندووە. خەڵکی بیلادی عەجەم  بە فەمانڕەواکانی خۆیان وتوە "تورک و تاجیک"، کەواتاکەی  فەرمانڕەوای تورکە کە بەتاجیکی"دەری" قسەیان کردووە (بۆ خوێندنەوەی زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە سەیری سەرچاوەی "١" بکە).
کوردستان و بیلادی عەجەم

ئەو شوێنەی ئێستا پێی دەگوترێت ئێران، بە درێژایی زنجیرەی چیای زاگرۆس و بەدرێژایی مێژوو شوێنی چەند حوکمڕانی گەورەی کورد بووە، بەناوەکانی لوڕی بچوک، لوڕی گەورە، ئەردەڵان، دینەوەر و شارەزوور و  کەڵھور و گۆران و.. ھتد، کە گرنگترینیان ئەردەڵانە.  لێرەدا نامەوێ باسی ھەموو ئەم حوکمڕانانە بکەم  بەڵام بەجۆرێک لە جۆرەکان مێژووی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بەستراوەتەوە بە ئەردەڵانەکانەوە. بەپێی گێڕانەوەی شەرەفنامە، ئەردەڵانەکان سەرچاوەیان گۆرانەو لە کۆتایی فەرمانڕەوایی مەغولەکاندا دەستدەگرن بەسەرناوچەی شارەزووردا و (قوباد بابائەردەڵان) ڕەچەڵەکی خۆی دەباتەوە سەر ساسانییەکان.

لە نێو دەقەکانی شەرەفنامەدا وادەخوێندرێتەوە بەردەوام ھەوڵیان داوە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان فەراوان بکەن و سەربەخۆیی خۆیان لە نێوان ھەردوو ئیمپراتۆرییەتى عوسمانی و قزڵباش(سەفەوی) بپارێزن، ھەندێک جار سکەیان لێیداوەو خوتبەی نوێژی جومعە بەناویانەوە خوێندراوەتەوە. ئەم فەرمانڕەواییە کە ناوی کوردستانی ھەڵگرتووە، تا دوورترین ناوچەکانی بادینان و لوڕستان کشاوە، بەشێوەیەک زۆربەی سەردەمەکان: سنە، موسڵ و کرماشان و شارەزوور(سلێمانی) و ھەمەدان لە ژێر فەرمانڕەوایەتی ئەواندا بووە.

فەرمانڕەوایی ئەردەڵانەکان  لەساڵی ١٨٦٧بەپێی گێڕانەوەی ئایەتوڵا مەردوخ بەھۆی داوای دەوڵەتی بەریتانیاوە بۆ ئەوەی ئێران ببێت بە یەکپارچە کۆتایی پێدەھێنرێت، بەڵام ھەر لەگەڵ گەیشتنی شازادەی قەجەر بۆ سنەو بوون بە فەرمانڕەوا بەرخودانی خەڵکی کوردستان بەتایبەتی لەناوچەی ھەورامان بەدژی داگیرکەر دەستپێدەکات، کە تاوەکو ئێستا بەشێوەی جۆربەجۆر درێژەی ھەیە(٢).
 
دەوڵەتی نەتەوەی دەستکردی ئێرانی

لە سەرەتای سەدەی نۆزدەھەمدا یەکەم شاندی خوێندن لەلایەن شازادەی قەجەرەوە(عەباس میرزا) دەنێردرێت بۆ ئەورووپا(بەریتانیا)، کە بریتین لە دوو کەس یەکێکیان بڕیارە ھونەری وێنەکێشانی دەستی فێر ببێ  و ئەوی تریشیان پزیشکی نوێ.

بۆ ئەوەی دواتر خزمەتی شازادەی قەجەر بکەن و بە نەمری بھێڵنەوە، یەکێکیان بە کێشانی وێنەی نایاب و ئەوی تریان بە زیندوو ھێشتنەوەی جەستەیی شازادە. وێنەکێشەکە پێش ئەوەی دەستبکات بە خوێندن دەمرێ و پزیشکەکەش ھەرگیز خوێندنی مودێرن دەست پێ ناکات، بەڵام وەکو دەگوترێ بەکارکردن لەگەڵ پزیشکەکانی بەریتانیا، ھەندێک شارەزایی لە پزیشکی نوێ پەیدا دەکات و دواتر دەگەڕێتەوە بۆ دەرباری قەجەرەکان و بەبێ بڕوانامەی پزیشکی دەبێت بە حەکیم باشی. گرنگی ئەم شاندە ناسەرکەوتووە لەوەدایە یەکەم بەرکەوتنی فەرھەنگی نێوان وڵاتێکی کۆیلەداریی دواکەوتوو و وڵاتانی ئیستیعمارییە، کە چەندین قۆناغی گرنگی پێشکەوتنیان بڕی بوو
 
بەدوای ئەم شاندەدا چەندین شاندیتر  بۆ خوێندن ڕووییان لە ئەورووپا کرد، کە ھەندێکیان لەجیاتی پزیشکی و تەکنەلۆژیای سەربازیی ڕوویان لە خوێندنی یاسا و ڕۆژنامەوانی کرد، بەم شێوەیە بەرەبەرە کلتوری ڕۆژئاوا لەناو چینی ئەفەندی ئەوکاتی ئێراندا جێگەی خۆی کردەوە و پرسیار لەسەر دواکەوتوویی ئێران و حوکمڕانەکانی ھاتە ئاراوەوە و زەمینەی فکریی لانیکەم لەناوچینی خوێنەواردا بۆ گۆڕانکاریی ڕەخسا.
لە ناوەڕاستی  سەدەی نۆزدەھەم، حوکمرانی قەجەرەکان، کە سەرەتا وەکو ئیمپراتۆرییەتێکی کۆیلەداریی بە پانتایی ئێرانی ئێستا و بەشێک لە ئەفغانستان و ئاسیای ناوەڕاست و ناوچەی قەفقاز دەرکەوت، بچوک بوویەوە بۆ وڵاتی ئێستا و لە نێوان ھەرسێ ئیمپراتۆری ڕوسیا و عوسمانی و بەریتانیا(کۆمپانیای ھندی شەرقی) جێگیر بوو. ئەم وڵاتە نەیدەھێشت دەستی ئیمپراتۆری ڕوسیا بگات بە ھیندستان و ئیمپراتۆری عوسمانی کە خۆی بەخاوەنی خەلافەت دەزانی لە شەرقی ئیسلامی بەدوور دەگرت. واتە حکومەتێک ھاتە ئاراوە کە ھۆکاری بوون و مانەوەکەی نەک مێژوو، کلتور بوو، بەڵکو ئاسایشی  بەریتانیا لە ھیندستان بوو.
دۆزرانەوەی نەوت و  ھاتنی کۆمپانیا بەریتانییەکان بەتەواوەتی ئێرانی کرد بە موستعمەرەیەکی نافەرمی بەریتانیا، لە ھەمانکاتیشدا وادەردەکەوت حکومەتێکی سەربەخۆیە و شای ھەیە. لەوکاتەدا ئەم ناوچە ناوی بەفەرمی لەلایەن دەسەڵاتداری قەجەرەوە مەمالیکی مەحروسەی ئێران( وڵاتەکانی جێگر لە ئێران)  بوو. یەکێک لەو مەملەکەتانە کوردستان بوو، کە ئەردەڵانەکان فەرمانڕەوایەتییان لەسەر دەکرد
لەگەڵ زۆربوونی شازادەکانی قەجەر و پێشبڕکێی نێوانیان، فەرمانڕەوایی مەملەکەتە نیمچە سەربەخۆکان بەم شازادانە پڕ دەکرێتەوە، کە کوردستانیش بەھۆی پەیوەندی بەربڵاوی لەگەڵ حکومەتی عوسمانی  دەبێت بە ئامانجی ئەم گۆڕانکارییە و کۆتایی بە نیمچە سەربەخۆییەکەی دەھێنرێت.
ئێران چوارچێوەیەکی دەستوری یان مێژوویی یەکانگیریی نەبوو، ھەردەم دەکرا ھەڵوەشێتەوەو پارچەپارچە ببێت، پەیوەندی فەرمانڕوا خۆجێییەکان لەگەڵ پاشایەتی قەجەرەکان بەپێی خوێن و دەسەڵات بوو، ھەر بۆیە لەسەرەتای سەدەی بیستەم حکومەتی بەریتانیا پشتگیریی ئەو بزوتنەوە ڕۆشنبیرییەیان دەکرد کە داوایان دەکرد شێوازی حوکمڕانی لە ئێراندا ببێت بە شێوە ئەورووپی، کە تێیدا دەسەڵاتی شا سنوردار بکرێت و بەپێی دەستور مافی ھەموو خەڵک دابین بکرێت. ئەمە لە کۆتاییدا بووبە شۆڕشێک کە لە مێژوودا بەناوی شۆڕشی مەشروتە ناسراوەو لە ئەنجامییدا حکومەت و پەرلەمانێکی شێوە ئەورووپی لە تاراندا ھاتە ئاراوە. کە ئیسلام (ئایینزای شیعە)ی دەکرد بە ئایینی فەرمی و دەوڵەتەکە بەفەرمی زمانی ھەبوو کە ئەو زمانەش ناونرا فارسی ( وەرگێڕدراوی وشەیPersian ی ئینگلیزی)(٣).
دەوڵەتی ئاریایی  ڕەزاشایی

کۆتایی جەنگی جیھانی یەکەم ھاوکاتە لەگەڵ دروستبوونی گەورترین و بەھێزترین حکومەتی سۆسیالیستی جیھان واتە یەکێتیی سۆڤییەتی(پێش چین)، کە بە توندی بڕوایان وابوو دەبێت شۆڕشی کۆمۆنیستی بۆ ھەموو وڵاتانی جیھان بگوازرێتەوە و کۆتایی بە سیستەمی سەرمایەداری و ئیستیعماری فەرمانڕوا لەسەر جیھان بھێنرێت. ئێران ھەم دراوسێی یەکێتیی سۆڤییەت بوو ھەم حکومەت لە تاران دەسەڵاتێکی ئەوتۆی بەسەر ویلایەتەکاندا نەمابوو. لەلایەکی ترەوە ھەژاری و چەوساندنەوەی خەڵکی لادێ لەلایەن دەربەگەکانەوە برستی لە خەڵک بڕی بوو.

ئێران ئامادەبوو بۆ ئەوە ببێت بە دووەم حکومەتی سۆسیالیستی جیھان، تەنانەت کۆمۆنیستە ئێرانییەکان، ناوچەکانی نزیک لە دەریای قەزوینیان  لەباکور کۆنتڕۆڵ کردبوو. ئێران لە دیدگای بەریتانیاوە پێوستی بە دیکتاتۆرێک بوو، کە بتوانێ ھەموو ناوچەکان بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی، و  لە ھەمانکاتدا بۆ ئەوەی وەکو دیوارێک لە بەرامبەر سوسیالیسمدا بەکاربھێنرێت، بتوانێ لانیکەمی پێشکەوتنەکانی سەردەم لە نمونەی خوێندنی مودێرن، تەلەفۆن، دروستکردنی ڕێگەوبان، لە ئێران دەستەبەر بکات.

ئەم کارە بە پاشایاتی داڕزاوی قەجەرەکان نەدەکرا، ھەر بۆیە پشتگیری وەزیری جەنگ و سەرۆک ۆەزیرانی ئەوکات(رەزا خان) یان کرد کۆتایی بە پاشایەتی قەجەر بھێنێت، سەرەتا بەربژێرەکەیان دروستکردنی کۆمارییەک بوو لە شێوەی تورکیا، بەڵام لە کۆتاییدا گۆڕا بە زنجیرەیەک پاشایەتی نوێ، بەم شێوەیە پاشایەتی قەجەر کۆتایی پێھات و پاشایەتی پەھلەوی دەستی پێکرد.
ئەم پاشایەتییە سەرەڕای ئەوەی بەتوندی سەرکوتکەر و زۆردار بوو، لە ھەمانکاتیشدا ھەڵگری ئایدۆلۆژیا بوو! ئایدۆلۆژیای ئێرانیزم بۆ دروستکردنی نەتەوەیەکی شێوە ئەورووپی (یەک زمان و یەک ڕەگەز) بڕدرا بە بەری پاشایەتی پەھلەوی، خەڵک ناچارکران ھەموو وەکو یەک جل لەبەر بکەن، واتە جلە خۆجێیەکان قەدەغەکران، زمانی فارسی بووبە بەزمانی فەرمی و ھەموو خوێندن و نوسین دەبوو بەو زمانە بێت، زمانەکانیتر قاچاخکران، حاشا لە بوونی نەتەوەکانیتر کرا، کورد کران بە ئێرانی ڕەسەن، ھەڵبەت کوردی دەرەکی و ناوخۆیی ھەبوو، کوردی دەرەکی (واتە کوردەکانی ژێردەستی تورکیا و عێراق) پەیوەندییان بەئایدۆلۆژیای ئیرانیزمە نەبوو، ئەوان لەناو ئایدۆلۆژیایەکی تردا کە ناوی پانئیرانیزم بوو جێگەی بۆ کرایەوە، کوردی ناوخۆیی نەدەبوو خۆیان بە بەخزمی کوردی دەرەکی بزانن. تورکەکان کران بە ئازەری و حاشا لە بوونیان کرا، تەنھا ئەوە بوو ئەوانیش ئێرانی بوون بەڵام زمانیان گۆڕدرابوو، بۆیە دەبوو جارێکی تر فێری فارسی بکرێنەوە،بەتەواوەتی حاشا لە بوونی عەرەبیش دەکرا، ئەوان پاشماوەی ئەو ھێرشکەرانە بوون کە ١٤٠٠ ساڵ لەوەو پێش ئێرانیان داگیرکردبوو، بارودۆخیان زۆرتر لە بارودۆخی جولەکەکانی ئەڵمانیا دەچوو.
بۆ دەوڵەمەنکردنی ئایدۆلۆژیای ئێرانیزم بە مێژووی پێرشیا چوونەوەو ھەموو جۆرەکانی موستەشرقی کرێگرتەیان بەکارھێنا بۆ ئەوەی ئێرانی شانامەیی ببستێتەوە بە پێرشیای کۆنەوە، تەنانەت شارێک بەناوی پێرسپۆلیس پایتەختی ھەخمەنییەکانیان ساختە کرد.پاشایەتییەکانی ناوچەی بیلادی عەجەم یەک لە دوای یەک بەمێژوویەکی ساختە بەسترانەوە بە پاشایەتی ھەخمەنییەکانییەوە کە تا چەند ساڵ لەوەو پێش ھەر نەشیان دەزانی پاشایەتییەکی لەو شێوە ھەبووە
بێگومان ئەم ئایدۆلۆژیا بەئاسانی لەگەڵ ئایدۆلۆژیای فاشیزم  و نازیزم ، کە بەتازەیی لە ئەورووپا پێی گرتبوو ھاوتەریبە، ڕەگەزی ئاریایی و خوێنی ئاریایی بووبە کۆڵەکەی سەرەکی  ئەم ئایدۆلۆژییە. لەھەمان سەردەمدا باڵوێزى ئێران لە ئەڵمانیای نازی پێشنیاز بە حکومەتی ڕەزاشا دەکات، ناوی شانامەیی ئێران واتای وشەی ئاریایی پێبدرێ و لە جیاتی ناوی پێرشیا، کە وەکو ھەڵەیەکی باو بۆ وڵاتی بیلادی عەجەم  لەلایەن ئەورووپییەکانەوە بەکاردەھێنرا،  بکرێت بە نێودەوڵەتی.
 
بۆ ئەو مەبەستە تەنانەت ھەندێک شیعریان بەزمانی فیردەوسییەوە ھۆنیەوەو لە شانامەیان ئاخنی. بەم شێوە ئایدۆلۆژیای ئێرانیزم بەرەبەرە بووبە ئایدۆلۆژیایەکی ڕەگەزپەرەستانە و ئێران ھەرچی زیاتر لە ئەڵمانیا نزیکبووەوە، تەنانەت شێوازێک لە دژەسامی و جولەکەبوون لە ئێران پەرەی پێدرا
لەم سەردەمدا زیاتر لە ھەموو خەڵکی ئێران کە بەشێوەی جۆربەجۆر سەرکوت دەکران، کورد زۆرترین زیانی لێ بینی.یەکەمین بزوتنەوەی سەربەخۆیی خوازی  بەرفراوانی کورد لەسەدەی بیستەم، ڕاپەڕینی سمکۆی شکاک بوو، کە لەلایەن ڕۆشنبیرانی کوردی ئەو سەردەمەوە پشتگیری دەکرا و ڕۆژنامەیەکیان بەناو کورد(لە ژمارە ٣ بەدواوە بەناوی "ڕۆژی کورد ") لە ورمێ دەردەکرد. لەم ڕۆژنامەیەدا بۆ یەکەمجار دەستدەخرێتە سەر برینەکانی کوردی ژێر دەستەی ئێران و بەڕوونی  سەربەخۆیخوازی وەکو ئامانجێک بۆ ڕزگاری گەلی کورد دادەنرێت
لە یەکەم سەروتاری ڕۆژنامەی کورد بەزمانی فارسی ئاوا نوسراوە" ئەی کۆمەڵەی کوردان، ئەی گەلی بێخاوەن و بێ فریادڕەس، ئەی مەزڵومانی ژێردەستەی ستەمکاران، ئایا دەزانن گەلی کوردستان تا چ ڕادەیەک کەوتۆتە ژێر پێ لەقەی بێگانە و تا چ ڕادەیەک لەلایەن گەلانیترەوە دەستدرێژی دەکرێتە سەر؟ ھەڵبەت ئەوانەی کە نەیانزانیوە دەبێت بزانن کە گەلی کورد نە سەرمایەی ماوە نە نفوس، نە عیزەت و نە ناموس، گەلی ئاشوری کەتازە بەبچوک ھەژمارد دەکرێن، کەڕامەتیان نەھێشتین، ئێرانییەکان کە برایانی دینین، بەردەوام ھەوڵدەدەن تیامان ببەن و ڕیشەمان دەربێنن، ئەی مەزڵومی و بێ خاوەنی و بێ کەسی..."
لە دوای سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی سمکۆ، لە ڕیشە دەرھێنانی خێڵ و عەشیرەتە سەربزیۆ و سەربەخۆیی خوازەکانی کورد بە پانتایی زاگرۆس لە لورستان و کرماشانەوە تاوەکو موکریان پەرەی پێدرا، بەشێکی زۆر لە عەشیرەت و سەرۆک عەشیرەتەکانی کورد بۆناوچەکانیتری ئێران دوورخرانەوە و تیابران، لەھەمانکاتدا سیاسەتی سڕینەوەی مۆرکی نەتەوایەتی کورد و جێکردنەوەیان لەناو نەتەوەی دەستکردی ئێرانی بەتایبەتی لە شارە گەورەکانی وەکو سنە و کرماشان درێژەی پێدرا، بەڵام نزیکبوونەوەی ئێران لە ئەڵمانیا و داگیرکردنی ئەو وڵاتە لەلایەن یەکێتیی سۆڤییەت و ئینگلیزەوە لە جەنگی جیھانی دووەم، ھەموو پلانەکانی ئێرانگەراکانی بۆ سڕینەوەی کورد لە جوگرافیای کوردستان کۆتایی پێھێنا و سەردەمێکی تر دەستی پێکرد.
جەنگی جیھانی دووەم و داگیرکرانی ئێران لەلایەن ھاوپەیمانانەوە جارێکیتر مەجالی ھەناسەدانی بۆ کورد کردەوە، ئەو بەشەی کوردستان کە لەلایەن  یەکێتیی سۆڤییەتییەوە داگیرکرابوو، بووبە شوێنی بوژانەوەی ناسیونالیسمی کورد و کوردانی ھەموو پارچەکانی کوردستان بەتایبەتی باشور ڕوویان لەو ناوچەیە کرد و بۆ یەکەمجار حیزبی مودێرن لە ڕۆژھەڵات واتە حیزبی دیموکرات، دروستکرا و بەپشتیوانی یەکێتیی سۆڤییەت بۆ یەکەمجار کۆماری کوردستان دامەزرا کە تەنھا لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت پەیوەندی ھەبوو، ئەم کۆمارە نزیکەی  یەک ساڵ ژیا، بەڵام زۆر جیاواز بوو لە ھەموو ئەو کۆمارییانەی کە بە پشتیوانی یەکێتیی سۆڤیەت دروست دەکران، ئەم کۆمارە، کۆماری سۆسیالیستی نەبوو، بەڵکو بەتەواوەتی لیبڕاڵ بوو، لە ھەمانکاتدا بەزەقی ناسیونالیسمی کورد تێیدا بەرجەستە بوو. کۆماری کوردستان لە پلانی زلھێزەکاندا لەناو براو سەرۆک کۆمارەکەی، پێشەوا قازیی موحەمەد لە سێدارەدرا، بەڵام حیزبی دیموکرات مایەوە و لەگەڵ ھەوراز و نشێوی زۆر درێژەی بەبوونی خۆیدا.

لە دوای ڕوخانی کۆماری کوردستان، پرۆژەی تواندنەوەی کورد بەردەوام بوو، بەڵام سەردەمێکی تر ھاتبووە  ئاراوە، سەردەم سەردەمی کرانەوە بوو، ڕادیۆ کوردییەکان کە لە دەرەوەی ئێرانەوە بەرنامەیان پەخش دەکرد و پەیوەندی کورد لەگەڵ پارچەکانیتر، ھەموو ئەو ھەوڵانەی پوچەڵ دەکردەوە. لە کۆماری کوردستان بەدواوە باشور و ڕۆژھەڵات دەبن بە  دوانەی لەیەک دانەبڕاو، بەرەبەرە گەلێک لەناو مێژووی داگیرکراویەوە ھەستایەوە سەرپێ و گەیشتووە بەم مێژووی ئێستا تێیدایە(٤).
ئەنجام

لەم وتارەدا بەھەموو مێژووی نوێی کورد و ئێراندا بە کورتی چووینەوەو بەشێکی بەرچاو لەو ھەوڵانەمان باسکرد، کە بۆ دروستکردنی دەوڵەت نەتەوەی دەستکردی ئێرانی نراون. کە ئەم دەوڵەتە تەنھا بۆ ئەوە دروستکرا کە بەرژەوەندی وڵاتە ئیستیعمارەییەکان، بەتایبەتی ئیستیعماری بەریتانیا لە ناوچەکەدا پارێزراو بێت و وەکو دیوارێک بەکاربھێنرێت بۆ ئەوەی یەکێتیی سۆڤییەتی دەستی نەگات بە ئاوە گەرمەکانی خەلیج و بیرەنەوتەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
بۆ ئەو مەبەستە نکۆڵییان لە بوونی نەتەوەکانیتر بەتایبەتی نەتەوەی کورد کرد! کوردیان وەکو ئێرانی ڕەسەن پێناسە کرد و بەردەوام ھەوڵیان داوە لەناو دەوڵەت نەتەوەی دەستکردی ئێرانیدا بیتوێننەوە، بەڵام بەرگری و ملنەدانی کورد بۆ ئەم داگیرکارییە ھەوڵەکانی پوچەڵکردونەتەوە. بوونی نەتەوەی کورد کێشەی بنچینەیی لەگەڵ دەوڵەت نەتەوەی دەسکردی ئێرانیدا ھەیە، ھەرچەشنە ھەوڵێک بۆ بوژاندنەوەی ئەم نەتەوەیە، تەنانەت لە دەرەوەی وڵاتێک بەناوی ئێران، دەوڵەتى نەتەوەیی ئێرانی دەباتە ژێر پرسیارەوە. ئەوان تەنیا تا ئەو ڕادەیە یارمەتی کورد دەدەن و پشتی دەگرن، کە لە خزمەتی ئایدیای ئێرانگەراییدا بێت
 
بۆیە دەبێت لەم سۆنگەیەوە لە دژایەتی ئێران و ڕیفراندۆم و گەشەی نەتەوایەتی کورد لە باشور و ڕۆژئاوای کوردستان بڕوانین، کێشەی ئێران لەگەڵ کورد  نە تەنیا کێشەی خاکە، بەڵکو کێشەی مان و نەمانی دەوڵەتێکی دەستکردە کە بەداگیرکردنی بەرزاییەکانی ئەلبورز و زاگرۆس، بەدرۆ خۆی بە درێژکراوی ئیمپراتۆرییەتەکانی سەردەمی کۆیلەداریی پێناسە دەکات، لە کاتێکدا کەمترین خاڵی ھاوبەشی کلتوریی و ئایینی و مێژوویی لەگەڵ ئەواندا نییە. تەنانەت لەم ڕوانگەوە کێشەی کورد لەگەڵ دەوڵەت نەتەوەی دەسکردی ئێرانی زۆر قووڵترە لە دەوڵەتى نەتەوەی تورک! ئەوان  بەشێک لە کوردستانیان داگیرکردووەو حاشا دەکەن لەوەی ئەو شوێنە کوردستان بێت، بەڵام ئێران حاشا لە بوونت ناکات، بەڵکو ھەوڵدەدا ھەموو شتێکت بدزێ و لەناو دەوڵەتى نەتەوەیەکی وەھمیدا بتوێنێتەوە، بوونی نەتەوەیەکی تر بەھەمان ناوەرۆکەوە کە ئەوان بۆ ئێران پێناسەیان کردووە، زەربەیەکی کوشەندەیە لە ئێرانگەرایی و ئەو مێژووە ساختەیەى زیاتر لە سەد ساڵە دەیھۆننەوە.
سەرچاوەکان و خوێندنەوەی زیاتر
(٣) بۆ خوێندنەوەی زیاتر سەیری ھەردوو کتێبی  "شەرەفنامە"، لە نووسینی شەرەفخانی بتلیسی و "تاریخ مردوخ" لە نووسینی ئایەتوڵا شێخ موحەمەد مردوخی کوردستانی بکە.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر