۱۳۹۸ مرداد ۲۹, سه‌شنبه

توركیا نامەیەك بۆ مەسعود بارزانی دەنێرێت و تیایدا داوا دەکات پێشمەرگە یەکنەگرێتەوە و پارتی نەگەڕێتەوە بۆ کەرکوک


 توركیا نامەیەك بۆ مەسعود بارزانی دەنێرێت و تیایدا داوا دەکات پێشمەرگە یەکنەگرێتەوە و پارتی نەگەڕێتەوە بۆ کەرکوک، تا ئەوکاتەی تورکیا بە نەخشەڕێیەک ڕازی دەبێت، هاوکات دژایەتی خۆشی بۆ دروستكردنی هێزێكی هاوبەشی سوپای عێراق و پێشمەرگە لەسەر سنورەكانی هەرێمی كوردستان دەردەبڕێت.

وەزیری دەرەوەی توركیا نامەیەك بۆ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەنێرێت و تێیدا دژایەتییەکانی دژ بە کورد دووبارە دەکاتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی ماڵپەڕی پەیسەرپرێس بڵاوی کردوەتەوە، توركیا نامەیەكی بە واژۆی مەولودچاوش ئۆغلۆ، وەزیری دەرەوە، ئاراستەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كردووە و تێیدا داوایكردووە پارتی پشتیوانی دروستكردنی هێزی هاوبەشی سوپای عێراق و پێشمەرگە لەسنورەكانی عێراق و توركیا نەكات.

لە نامەكەی وەزیری دەرەوەی توركیا کە دیاری نەکراوە چ ڕۆژێک ئاراستەی کراوە ئەوەش ڕوونكراوەتەوە، كە ئەو هەنگاوە ئاستەنگ بۆ جموجوڵی سوپای توركیا لەنێوان عێراق و توركیا دروست دەكات.

وەزیری دەرەوەی توركیا داواشی كردووە پلانەكەی ئەمریكا بۆ یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە جێبەجێ نەكەن، چونكە هەنگاوی دوای ئەوە تێكەڵكردنی دەبێت بە سوپای عێراق، سەبارەت بەدۆخی كەركوكیش توركیا لەنامەكەیدا داوایكردووە پارتی نەگەڕێتەوە كەركوك و ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دروست نەكەن، تا ئەوكاتەی بەپێی نەخشەرێگایەك كە توركیا پێی ڕازی دەبێت چارەسەری كێشەی كەركوك نەكرێت.

چاوش ئۆغلۆ لەنامەكەدا داواشی لەبارزانی كردووە ئەو ڕۆژانەیان بیرنەچێت كە ئەنكەرە بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغداد گرێبەستی ٥٠ ساڵەی لەگەڵ هەرێم  كرد و بەهۆیەوە ڕووبەڕووی سكاڵای یاسایی بەغداد بۆوە بۆیە هەمان چاوەڕوانیان لەهەرێم هەیە كە ڕێككەوتنەكانیان دەربارەی نەوت و غاز بە ئاگاداری توركیا بێت و بەرژوەندیەكانی ئەنكەرەی تێدا ڕەچاو كرابێت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ وەزیری کاروباری ناوخۆی تورکیا هەریەک لە بەدیعە ئۆزگۆکچە ئەرتان هاوسەرۆکی شارەوانیی وان، ئەحمەد تورک هاوسەرۆکی شارەوانی مێردین و سەلجوق مزراکلی، هاوسەرۆکی شارەوانیی ئامەد-ی لەکاردوورخستەوە و سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پۆلیس هەڵیکوتایە سەر شارەوانییەکان و دوای گەمارۆدانیان چوونە ناو بیناکانەوەو داگیریان کرد، هەر ئەمڕۆ فڕۆکەی جەنگی دەوڵەتی تورک هێرشیکی فراوانی بۆسەر باشوری کوردستان دەستپێکردووە.

وەزیری کاروباری ناوخۆ خۆسەپێنەر (قەیوم)ی لە شوێنی هاوسەرۆکە دوورخراوەکان دانا، کە ئەوانیش حەسەن باسری گوزەلئۆغڵو پارێزگاری ئامەد، مستەفا یامان، پارێزگاری مێردین و محەمەدئەمین بیلمەز-ی پارێزگای وانن.

هەر ئەمڕۆ پۆلیسی تورک بەپێی بڕیاری دادگاکانیان لە ئەدەنە هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵی هاوڵاتیان و تا ئێستا بە لانی کەمەوە ٢٠ کەسیان دەستگیر کردووە، کە ژمارەیەک لەو کەسانەی دەستگیرکراون منداڵن.

هەر لە مێردین دوای ئەوەی پارێزگار مستەفا یامان کرا بە قەیوم و بەسەر شارەوانیی مێردین دا سەپێنرا، پۆلیسی تورک هەڵیکوتایە سەر بینای شارەوانیی گەورە شاری مێردین و بینای شارەوانیی مێردین بە چەندین ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و جۆری تۆما شارەوانییەکەی گەمارۆ داوە و ڕێگە بە چوونە ناوەوە و هاتنەدەرەوەی خەڵک نادرێت، ئەوەش وتراوە کە هەموو ژوورەکانی شارەوانی دەپشکنرێن.

هەر ئەمڕۆش کاتژمێر ٧:٣٠ خولەک فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک بەچڕیی شاخ و دۆڵەکانی چیای خواکورک-ی دەڤەری برادۆست و کاتژمێر ٩:٣٠ خولەک-یش دوو فڕۆکە گوندەکانی سڵێ و بۆڵێ-ی بناری قەندیل-یان بۆردوومان کرد، زانیارییە سەرەتاییەکان باس لەوەدەکەن، چوار هاوڵاتی مەدەنی لەو بۆردوومانانەدا برینداربوون.

لە ئێستاشدا فڕۆکە سیخوڕییەکانی دەوڵیتی تورک بە ئاسمانی قەندیل-دا دەسوڕێنەوە و فڕۆکەی جەنگییش بە ئاسمانی شارەدێی وەرتێ و قەسرێ-ی سەر بە شارۆچکەی چۆمان-ی پارێزگای هەولێر-دا دەسوڕێنەوە.

کەمێک پێش ئێستاش پەیامنێری ڕۆژنیوز لە مەخمورەوە ڕایگەیاند: لە بەرەبەیانی ئەمرۆەوە فڕۆکە جەنگییەکان بەسەر ئاسمانی مەخموردا دەسووڕێنەوە و جموجوڵی فڕۆکەکان تا ئێستا  بەردەوامە.

بەپێی دووایین هەوڵەکان لە باکوری کوردستانەوە تا ئێستا سەدان کەس لە سیاسەتمەداران، ئەندامانی پارت و ڕێکخراوە کوردییەکان و شارەوانییەکان دەستگیرکراون.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر